ئه‌ی دڵ! ئاماده به بۆ داوای لێخۆشبوون کردن له په‌روه‌ردگارت.

دڵنیا به مه‌ترسیدارترینی مه‌ترسیه‌کان بۆ تۆ له دنیا و قیامه‌تدا تاوانه‌کانتن.

ئه‌وه‌ش بزانه که تۆ ئێستا وشه‌و رسته‌کانی داوای لێخۆشبوون کردن دێته به‌رده‌ستت، ئه‌مانه به‌ڕاستی ده‌ریا قووڵه به‌رفراوانه‌کانی لێخۆشبوونن.

ئاممان نه‌که‌ی به زمانت بیانڵێیته‌وه به‌ڵام بڕێک له چڵک و ره‌شی گوناهه‌کانت له نامه‌ی کرده‌وه‌تا بمێننه‌وه.

ئای چ وشه و رسته گه‌لێکن، ئه‌گه‌ر دڵه زیندووه‌کان بیانبینێت په‌ی به گه‌وره‌یی ئه‌و که‌سه ده‌بات که نافه‌رمانی و پێچه‌وانه‌ی ئه‌مری ئه‌وی کردووه،

بۆیه له‌م کاته‌دا به شه‌رم و خه‌فه‌ته‌وه ده‌ڵێت: «رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنفُسَنَا وَإِن لَّمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ»؛ «په‌روه‌ردگارا ئێمه سته‌ممان له نه‌فسی خۆمان کردووه، خۆ ئه‌گه‌ر تۆ بارانی لێخۆشبوون و ره‌حمه‌تت به سه‌رماندا نه‌بارێنی ئه‌وه بێگومان له زیانمه‌ندان ده‌بین»[ الإعراف:23].

که‌واته خۆت بپارێزه له‌وه‌ی که داوای لێخۆشبوونه‌که‌ت بڵێیته‌وه به‌ڵام دڵت مات و حه‌یران بێت له ئاکامی کاروبارت ئه‌گه‌ر بێتو خوا لێت خۆش نه‌بێت...!

غافڵ بێت له راستی واتا به‌رز و به‌نرخه‌کانی ئه‌م داوای لێخۆشبوون کردنه‌ی ئێستا دێته به‌رده‌ستت...!

بێئاگا بێت له گه‌وره‌یی ئه‌و که‌سه‌ی که ملکه‌چی فه‌رمانه‌کانی نه‌بوو...!

بۆیه با زمان و دڵت پێکه‌وه هێرش به‌رنه سه‌ر ئه‌م داوای لێخۆشبوون کردنه، چونکه کاتی لێخۆشبوون گه‌یشتووه، لای خوا هیچی تێناچێت له‌گه‌ڵ کۆتایی ئه‌م نزانه له هه‌موو گوناهانی رابردوو و داهاتووت خۆش بێت.

مه‌گه‌ر خوا زۆر لێبورده و میهره‌بان نیه؟