وه‌ بیر بهێنه‌وه!

[هه‌ر چی له‌م کتێبه‌ده له دوای « وه‌بیرهێنه‌وه» دێت - له باسی گه‌وره‌یی و پاداشته‌کان - ئه‌وه له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی پێغه‌مبه‌ره‌وه -‌ صلّی اللّه علیه و سلّم -‌ وه‌رگیراوه. بۆ زانینی هه‌موو دوعاکان و گه‌وره‌ییان بڕوانه ته‌خریجی فه‌رمووده‌کان له کۆتایی کتێبه‌که‌دا.]

به‌رله‌وه‌ی له نزاکانی «سپاس و ستایش» دوور که‌ویته‌وه وه‌بیربهێنه‌وه!

وه‌بیربهێنه‌وه: چوویته چ دنیایێکه‌وه، چ وشه‌گه‌لێکت هێنایه سه‌ر زمان و سپاس و ستایشی کێت کرد و چ خێر و پاداشتێکت وه ده‌ست هێنا!

*تۆ سپاس و ستایشی خوات کرد به ناوه گه‌وره‌که‌ی، هه‌ر ئه‌و ناوه که هه‌ر کاتێک پێی بانگ کرێت وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و پێی داوای لێبکرێت گیرای ده‌کات.

*تۆ سپاس و ستایشی خوات کرد، سپاس و ستایشێک که -‌ به ویستی خوا -‌ له ئاگری دۆزه‌خ ده‌تپارێزێت.

*سپاس و ستایشێک که -‌ به ویستی خوا -‌ له دنیاو قیامه‌تدا سوودت پێ ده‌گه‌یه‌نێ.

*سپاس و ستایشێک که په‌روه‌ردگار له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:« به‌نده‌که‌م راست ده‌کات».

*سپاس و ستایشێک که پێغه‌مبه‌ر -‌ صلّی اللّه علیه و سلّم -‌ کاتێک بیستی سه‌ری لێی سووڕماو ده‌روازه‌کانی ئاسمانی بۆ کرایه‌وه.

*سپاس و ستایشێک که زۆرتر و چاکتره له هه‌موو نزاکانی شه‌و و رۆژت.

*سپاس و ستایشێک که سپاس و ستایشی ئه‌و که‌ڵه‌شێره‌یه که به پێی توانای خۆی گه‌وره‌یی خوای ناسیوه بۆیه وه‌ک که‌سێکی ئاگا و زانا و راستگۆ پاکی و بێعه‌یبی بۆ خوا ده‌ر ده‌بڕێت.

*سپاس و ستایشێک که -‌ به ویستی خوا -‌ ده فریشته به په‌له ئاماده‌ی ده‌بن و هه‌موویان تامه‌زرۆی نووسینن، نایشتوانن بینووسن مه‌گه‌ر به‌و شێوازه‌ی که خۆت وتووته، به‌ڵام پاداشته‌که‌ی ئه‌وه لای خوا بۆت پارێزراوه.

*سپاس و ستایشێک که -‌ به ویستی خوا -‌ ده‌بێته هۆی نووسینی خێر و ره‌حمه‌تێکی فراوان بۆ تۆ هه‌روه‌کو چۆن تۆ به فراوانی سپاس و ستایشی ئه‌وت کردووه.

ئایا ئێستا زانیت چه‌ند به‌رز بوویته‌وه؟ چیت وه چنگ هێناوه؟ به چی سپاس و ستایشت کردووه؟ ئه‌گه‌ر پێت خۆشه به سه‌رنجدانه‌وه بیڵێره‌وه، ئه‌گه‌ریش پێت خۆشه ئه‌وه له کاتێکدا که زانستت وه ده‌ست هێناوه و هه‌موو خێرێکت ده‌ست که‌وتووه تێپه‌ڕ به.